لە ساڵی ١٩٩١ دوو گەشتیار بە ناوەکانی ئێریکا و هێلموت سیمۆن دەستیان بە گەشتێک کرد بەرەو بەرزاییەکانی ئەلب لە نزیک سنووری نەمسا و ئیتاڵیا. شاخەکان بەفراوین و شکۆمەند و ئارامن، نهێنی هەزاران ساڵە لە ژێر چینە بەفرینەکانی خۆیاندا شاردۆتەوە. ئەو دوو گەشتیارە نەیاندەزانی کە ئەم گەشتە دەیانباتە ناخی یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەدەی بیستەم.
ئیریکا بەناو کانییەکی بەردیندا دەڕۆیشت، تووشی شتێک بوو کە پێدەچوو جانتایەکی کۆن و هەندێک ئامێری کۆن بێت. ئەو دوو هاوسەرە پێیان وابوو کە ڕەنگە ئەوە پاشماوەی شاخەوانێک بێت کە چارەنووسێکی تراژیدی هەبووبێت. بەڵام، کاتێک ورد دەبنەوە لەو پاشماوەیە، دەست و کەللەی سەری مرۆڤە، کە لە ناو سەهۆڵەکەوە دەڕوانێتە ئاسمان.
پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار و پزیشکی دادوەری هاتنە سەر هێل. هەواڵەکە هەموو کونجێکی کێشوەری ئەوڕووپا و دوورتریشی تەنی…
ئەم دۆزینەوەیە ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو بەڵکوو پەنجەرەیەک بوو بۆ ناو ڕابردووییەکی ئێجگار کۆن. خێزانی سیمۆن مۆمیایەکیان دۆزییەوە کە بە زەبری سەرما، بە تەواوی پارێزراو بوو لە هێرشی هەڵوەشێنەری بەکتریاکان.
دوای لێکۆڵینەوە، دەرکەوت ئەوە تەرمی پیاوێکی ناوچەکەیە کە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا بە تیر کوژراوە.
ناوی ئەو مرۆڤە کوژراوە بوو بە "ئۆتزی" بە ناوی بەرزاییەکانی ئەلب لەو ناوچەیەدا کە تێیدا دۆزرایەوە، سەهۆڵبەندان بووە هەستێکی زانستی و تێکەڵ. شوێنەوارناسانی خۆشحاڵ کرد، خەمخۆرانی کەش و هەواش زیاتر خەفەتبار کرد کە ئۆتزی هۆشداری گەرمبوونەوە و توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
هەر هۆکارێک پشت بەدیارکەوتنی (ئۆتزی) بێت، لە ڕێگەی ئەوەوە جیهان تێگەیشتنێکی ناوازەی لە ژیانی ئەوروپییەکانی سەردەمی مسدا بەدەستهێنا. جل و بەرگ و ئامێرەکانی و تەنانەت تاتۆکانیشی چیرۆکی سەردەمێک دەگێڕنەوە کە پێنج هەزار ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. چەقۆیەکەی، تیر و تفاقی هەموو بوون بە بابەتی توێژینەوەی فراوانی زانکۆکان و باشرین توێژەران لە سەرتا سەری جیهاندا هاتنە سەر خەت.
کۆمەڵێک زانا تەنانەت توانیویانە دەستنیشانی ئەو نەخۆشییانەش بکەن کە (ئۆتزی)ی، ٥٣٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا بە دەستییەوە ناڵاندوویەتی. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لە گۆڤارە سەنگینەکەی جیهان (Nature Communications) لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکردەوە…
برینەکانی سەر جەستەی (ئۆتزی) ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ڕەنگە ڕۆژانی کۆتایی ئەو پڕ بووبێت لە ململانێ.
شیکاری تەرمی ئەو دەرکەوت کە بە دەستی مرۆڤ کوژراوە - سەری تیرێک لە شانیدا جێگیر بووە و ئاسەواری لێدان بە سەریەوە دیارە.
ڕەنگە جیهان هەرگیز چیرۆکی تەواوی پشت ساتەکانی کۆتایی ئۆتزی نەزانێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دۆزینەوەکەی شارستانییەتی مۆدێرن بە ڕابردوویەکی کۆن و پڕ لە نهێنییەوە گرێداوە.
دۆزینەوەی (ئۆتزی) بە وردی سەلماندی کە هەرچەندە سەردەمەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام کڕۆکی مرۆڤایەتی، بە خۆشی و ناخۆشی و ململانێ و چیرۆکە سەرسوڕهێنەرەکانییەوە، بۆ هەمیشە، بەردەوامی هەیە.
بەبیرهێنانەوە:
1. بەشێک لە ئێسکەپەیکەرەکانی شانەدەر لە دامەزراوەی سمیسۆنە لە ئەمریکا. بەشێکیش لە عێڕاق هەڵگیرابوون و لەوانەیە لە دوای ساڵی 2003دا دزرابن و لەدەستچوو بن، کاتی ئەوە هاتووە هیچ نەبێت بەشێک لەو پەیکەرانە بگەڕێنەوە کوردستان و بە فەرمی داوایان بکەینەوە لەو مۆزەخانانە. لە کوردستان بە شانازییەوە ئەو پەیکەرانە نیشانی جیهان بدەین.
2. لە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی کۆمپانیایەکی نەوت لە کوردستان، تەنها لە یەک بلۆکدا، بە دەیان شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە بەشێکی زۆریان لەلایەن حکومەتەوە پێشتر نەناسراو بوونە.
3. خوێندنی شوێنەوار لە کوردستان یەکێکە لەو بوارانەی کە لە لایەن قوتابیانەوە خواست تێیدا نزمترینە.