دیناری عێراقی... ناوبانگێکی ڕووشاو...
لەدەستدانی متمانە بە دراو، بەهۆی سیاسەتێکی نەختینەیی گوماناویی و کارکردنی هەندێک ناوەندی دەستڕۆیشتووی بەغدا لە تارماییدا، کە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی جێبەجێ دەکەن، لەگەڵ ڕۆڵی وێرانکەرانەی سۆشیال میدیا، وایکردووە ئەرکی حکومەتی ناوەند نیمچەمەحاڵ بێت بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری دراوەکە. لە ئایندەشدا ئەرکی حکوومەت زۆر سەخت دەبێت لە هاندانی وەبەرهێنان لە عێراقدا. لە باشترین حاڵەتدا، عێراق دەبێتە وڵاتێکی (بخۆ و بڕۆ) و هیچ گەشەیەکی ئابووریی ئەوتۆ بە خۆیەوە نابینێت.
ئەوەی پێویستە لە ئێستادا حکومەت بیکات ئەوەیە کە بە ڕاستگۆیی دەست بکات بەوەی چۆن بە شێوەیەکی شەفاف و هاوسەنگ لەگەڵ ئەم پێشهاتە مەترسیدارەی داڕمانی دراوی عێراقیدا مامەڵە بکات. ئەمریکا هیچ بەزەیی بە وڵاتانی سەرەڕۆدا نایەتەوە کە لە دەرەوەی فەزای کاریگەریی واشینگتۆن هاموشۆ دەکەن. دەزانین ئێران بۆ ئەمریکا نەیارە، بۆیە پێویست ناکات باسی بکەین کە ئەمریکا چۆن دەڕوانێتە ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ تاراندا دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕمانە و پێویستە عێراق دەرسی لێ وەربگرێت.. تورکیایە، کە ئەندامی ناتۆیە، بەڵام چونکە سیاسەتی بانێک و دوو هەوا پەیڕەو دەکات و یاخییە لە ئەجێندای ئەمریکی، واشینگتۆن لیرەی تورکیای کردووە بە زبڵ و خاشاک.
بەغدا پێویستە ئەوەش بزانێت کە تەنها شەفافیەت نییە دەتوانێت بە هانای عێراقەوە بێت، بەڵکو دەبێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە فەلسەفەی سیاسەتکردن بێتە ئاراوە، بەجۆرێک ئەگەر بیانەوێت ئابووریی جێگیر و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکەن.. دەبێت لەم قۆناغەدا بە یاسا و پێوەرەکانی ئەمریکا یاری بکەن و تا بۆیان بکرێت، لە دەرەوەی بازنەی نەیارانی ئەمریکادا بن.
لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک کۆمپانیای زەبەلاحی نیمچە حکومی (دوبەی وۆڕڵد)ی ئیماراتی، پەیامی نارد کە تەنها دەیەوێت بۆ ماوەی شەش مانگ دانەوەی قەرزەکانی دوابخات، وەبەرهێنەران بۆنی شتێکی نامۆیان کرد لەو داوا کتوپڕ و سەرسوڕهێنەرەی (دوبەی وۆڕڵد)، متمانەی کۆمپانیا ملیارەها دۆلاریەکە کەوتە ژێر پرسیار و سەدای بێ متمانەیی وەک بوومەلەرزە لە جیهاندا دەنگی دایەوە. دواتر وەک پوولی دۆمینە، سەدان دامەزراوەی ئابووری و پرۆژەی زەبەلاح بەرەو مایەپووچبوون هەنگاویان نا.....هەرچەندە ئیمارات وەک وڵاتێکی یەکگرتوو، خاوەنی پێگەیەکی ئابووری زۆر بەهێزە، بە تایبەت ئەبووزەبیی دەستەخوشک، بەڵام هێشتاش کاتی ویست تا فریای دوبەی کەوتن و لەو تەنگژەیە دەربازیان کرد.
عێراق نابێت لافی بوونی یەدەگێکی سەد ملیار دۆلاریی داهاتی نەوت لێبدات. کۆمپانیای (دوبەی وۆڕڵد) پرۆژە و نەختینەی بایی سەد و بیست ملیار دۆلار بوو، یەک پڕیشکەئاگری بچووکی ویست و کورتە هەواڵێکی چەند وشەیی، بەس بوو بۆ ئەوەی تەخت و بەختی خۆی و هاوبەشەکانیشی ببن بە خۆڵەمێش.
دڵنیابن عێراق تا ماوەیەکی درێژ بە دەست ناوبانگی خراپ و لەکەداربوونی دینارەکەی دەناڵێنێت و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە سەخت و دژوار دەبێت. هەستانەوەی ناوبەناوی دیناریش، تەنها مۆرفینە و بە شێوەیەکی کاتی ئازار دەشکێنێت و چارەسەری بنەڕەتی نییە.
ڕەنگە جووڵە چڕ و دیپلۆماتییەکانی ئەو دواییەی ئەردۆغانیش بەرەو وڵاتانی کەنداو، عێراق و لیبیا، هەروەها هەنگاوی ماراسۆنی بەرەو ئیسرائیل و نەرمبوونەوەی بەرامبەر بە ئەوڕووپا و هەڵکردنی گلۆپی سەوز بۆ بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، ئاماژە بن بەوەی تورکیا درکی بەوە کردووە کە لیرە و ئابوورییەکەی لە لێواری داتەپیندایە بە سپۆنسەری ئەمریکا...