پرۆفیسۆری بەریتانیی بواری کیمیا (جۆرج میکایل شێلدریک) لە ١٩٧٨ - ٢٠١١ لە زانکۆی گۆتینگەنی ئەڵمانی کاری کردووە. ئەو زانایە توێژینەوەیەکی بە ناوی (مێژوویەکی کورتی شێلیکس) لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە گۆڤاری نێودەوڵەتی (ئاکتا کریستالۆگرافیکا) پەسند و بڵاوکرایەوە. لە ماوەی ساڵێکدا توێژینەوەکەی وەک بۆمبی ئەتۆمی لە نێو دەستە و هەوادارانی زانستەکانی کیمیا و فیزیادا لە سەرتاسەری جیهاندا تەقییەوە و بوو بە وێردی سەر زمانی سەدان هەزار لە توێژەر و مامۆستا و ئەکادیمیانی جیهان. توێژینەوەکە بوو بە سەرچاوەی هەزاران توێژینەوە لە سەرتاسەری جیهاندا و لە ماوەی تەنها ساڵێکدا پتر لە ٥٠٠٠ جار وەک سەرچاوە ئاماژەی پێدرا. تا ئەمڕۆ زیاتر لە ١٧٨هەزار جار لە توێژینەوەکانی جیهاندا، ئەو توێژینەوەیە ئاماژەی پێ کراوە.
 
بەو هۆیەوە گۆڤاری (ئاکتا کریستالۆگرافیکا) لە ساڵی ۲٠٠۹ دا بەسەر شانی پرۆفیسۆر شێلدریکدا بەرەو لوتکە سەرکەوت و فاکتەری کاریگەرییەکەی (Impact Factor) لە ٢,٣٨ ەوە فڕی بۆ ٤٩,٩٣ و ئەو ساڵە بوو بە باشترین گۆڤاری جیهان.
بەڵام لە بەر ئەوەی هەموو دوو ساڵ جارێک پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ گۆڤارەکان دەکرێت و بۆ مانەوەی گۆڤارەکە لە لووتکەدا، دەبووایە بەردەوام بێت لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی هاوشێوەی توێژینەوەکەی شێلدریک و ئەمەشی بۆ نەکرا، بۆیە وەک مار و پەیژە گەڕایەوە چوارگۆشەی یەکەم و کەوتەوە خانەی ژمارە شەرمنەکان.
ڕاستییەکی تاڵە کە زانکۆکانی کوردستان بۆ ژمارەی توێژینەوە و ژمارەی ئاماژەپێدان (Citation) و دەرکەوتنیان لە ڕیزبەندییە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا، پشتیان بە دەستەبژێرێک لە توێژەران بەستووە کە ژمارەیان زۆر کەمە و هاوشێوەی زانا شێلدریک، ئەو توێژەرانە بەتەنها هەوێنی هەر ناوبانگێکن کە زانکۆکان بەدەستیان هێناوە.
هەر ڕۆژێکیش بە هەر هۆکارێک ئەو شێلدریکانەی کوردستان نەمێنن، بەشی زۆری زانکۆکانمان مایەپووچ دەبن لە ڕووی ژمارە و قەبارەی توێژینەوە و ئاماژەپێدان و مارەکە قووتیان دەدات و لە چوارگۆشەی یەکەم خۆیان دەبیننەوە.
گەشەی تەندروست و ئاسایی هەر
دامەزراوەیەک کاتێک خۆڕاگر و هەمیشەیی دەبێت، کە بە هەوڵ و تەقەلای دەستەجەمعیی هەموو لایەک دەستەبەر کرابێت نەک تەنها شێلدریکەکان.