
ساڵی ٢٠١١، کەناراوە ئارامەکانی (فۆکۆشیما)ی ژاپۆن، ڕووبەڕووی توڕەیی زەریا بوونەوە. بوومەلەرزەیەکی بێ وێنە بووە هۆی هەڵکردنی شەپۆلێکی وێرانکەرانەی تسونامی و شارۆچکە ئارامەکانی سەر کەنارە دەریاییەکانی، وەک ئەژدەها، یەک لە دوای یەک قووت دا. شەپۆلەکان لە چاوترووکانێکدا بەرەو وێستگەی ئەتۆمی فۆکۆشیما ڕۆیشتن و سیستەمە بەرگرییەکانی بنکەی ئەتۆمی فۆکۆشیمایان یەکە بە یەکە پەکخست.
تێکشکانی سیستەمی ساردکەرەوەکانی ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکە بووە هۆی توانەوەی ئەتۆمی و دەرپەڕینی ماددەی تیشکدەری وێرانکەر کە بە یەکێک لە خراپترین کارەساتە ئەتۆمییەکانی جیهان، دوای تەقینەوەی بنکەی ئەتۆمی (چێرنۆبڵ)ی ئۆکرانیا لە ئەپریلی ١٩٨٦، دەژمێرێت.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی ڕووداوە ئەتۆمییەکانی فۆکۆشیما (کیۆشی کورۆکاوا)، لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەی چڕ و پڕ، گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە عەقلییەتی ژاپۆنی، خۆپارێز لە ڕەخنە، هۆکار بوونە بەوەی سیستەمە بەرگریکارییەکان لە لایەن تسوونامییەوە تێکشکێندراون. ئەو لێکۆڵەرە ژاپۆنییە، چاودێرانی بە دەرەنجامەکانی سەرسام کرد، کاتێک گووتی:
“ئەوەی لە فوکوشیما ڕوویدا بەرپرسیارەتی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر بنەما چەسپاوەکانی کەڵتووری ژاپۆنی: ١) گوێڕایەڵبوون بە بێ دوودڵی و گومانکردن ٢) ترس و دوودڵیمان لە پرسیارکردن لە دەسەڵات ٣) پابەندبوونی خۆبەخشانە (کوێرانە) بە هەر پرۆگرامێک کە بۆمان داندرابێت”.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، “گوێڕایەڵی” پێوەرێکی گرینگی هاووڵاتیی باشە. بەڵام لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، بە سوود وەرگرتن لە (فوکوشیما) و کارەساتە هاوشێوەکانی دیکەی کە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتوون، بیرمەندەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی هاووڵاتی و بە هەندوەرگرتنی ڕەخنەکان لە لایەن دەسەڵاتەکان، کرۆکی فەرمانڕەوایەتیی دروستە.
هاووڵاتییەک هیچ تێبینییەکی نەبێت مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگا، نەوەک ڕەخنەگرە بنیاتکەرەکان.


